لە دهۆک ڕێز لە هۆزانڤان محسن قۆچان نرا

حوزه‌یران 8, 2026

ڕۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و یاریدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ژمارەیەک لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەڤانان، هونەرمەندان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە هۆزانڤان محسن قۆچان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.

د. سالار عوسمان وتەیەکی پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ئەدیبان و هونەرمەندان لە پاراستن و گەشەپێدانی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر نرخ و بەهای ئەو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییانەی کە هۆزانڤان محسن قۆچان بە درێژایی ساڵانی خزمەتی خۆی پێشکەشی ئەدەب و کولتووری کوردی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، موئەیەد تەیب خوێندنەوەیەکی بۆ بەرهەم و ئەزموونە ئەدەبییەکانی هۆزانڤان محسن قۆچان پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییەکانی شیعر و ئەدەبیاتەکانی محسن قۆچان.

پاشان هونەرمەند جگەرخوێن ئەنەس ئامێدی تابلۆیەکی هونەری و چەند پارچەیەکی موزیکی پێشکەش کرد، دواتر هۆزانڤان محسن قۆچان وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە ئەزموون و یادگارییەکانی خۆی لە بوارەکانی شیعر و ئەدەب کرد و، سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ئەم هەنگاوە و، پاشان چەند هۆزانێکی خۆی خوێندەوە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ڕێزلێنان و گوڵی وەفای پێشکەش بە محسن قۆچان کرد و دیوانی شعری “گژلۆک کچەکا قشتالی یە” بە واژووی نووسەر پێشکەشی ئامادبووان کرا.

دەزگا و ناوەندە کلتوورییەکان بە چەپکە گوڵ ڕێز و وەفایان پێشکەش بە هۆزانڤان قۆچان کرد.

 

ڤان بابەتان ببینە

سینگاپوور پارە بە هاووڵاتییانی دەدات بەرامبەر خوێندنەوەی کتێب

وڵاتی سینگاپوور کەمپینێکی نیشتمانیی پێنج ساڵەی بەگەڕخستووە کە تێیدا لە رێگەی پێدانی بڕێک پارە و …