مەهدی کاکەیی
-
مێژووی كاكەییەكان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (4000) ساڵ لەمەوبەر، كە ئاینی یارسان دينيان بووه و لە ساڵی (1800) پێش زایین دەوڵەتێكیان هەبووە بەناوی (پادشایەتیی كاكەیی)، واتە (2400) ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئیسلام. لەو سەردەمەدا نەك تەنها ئیسلام دەرنەكەوتبوو، بەڵكو ناوی عەرەبیش لە مێژوودا نەبو. ئیتر چۆن کاکەییەکان پەیوەستدەبن بە عەرەب و ئیسلامەوە، لە کاتێکدا کاکەییەکان لە عەرەبەکان کۆنترن و ئایینی یارسان زۆر کۆنترە لە ئایینی ئیسلام؟!
-
ئەگەر چیرۆکی دروستبوونی ژیان و گەردوون لە ئایینی یارسان بەراورد بکەین لەگەڵ ئەفسانەی دروستبوونی ژیان و گەردوونى سۆمەریيەكان، دەبینین کە ئەو دوو چیرۆکە بە تەواوی لەیەك دەچن و ئەمەش قووڵایی ئایینی یارسان لە مێژوودا و له ناو جوگرافیاى کوردستان پیشاندەدات. چۆن دەکرێ ئاینی یارسان كە تەمەنی زیاتر لە 4000 ساڵە ببەسترێتەوە بە ئایینێکەوە کە تەمەنی تەنیا 1400 ساڵە و دەركەوتووە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، كە دەكەوێتە دەرەوەی کوردستان؟ هەروەها ڕۆژووگرتنی یارسانیيەكان لە چلەی زستاندا، یارسانیيەکان دەبەستێتەوە بە ئەفسانەی سۆمەری و هۆرییەكانەوە، کە تێیدا بەڕۆژوو دەبن بۆ ڕزگاربوون لە تاریکی شەوانی درێژی زستان و سەرمای سەختی زستان و هاتنی بەهار، کە تێیدا گەرمی و ڕووناکی و زیندووکردنەوەی سروشته.
-
مامۆستا (محەمەد جەمیل رۆژبەیانی) دەڵێت لەوە دەچێت کە دوا نوێكەرەوەی دینی یارسان (سان سەهاک) هەر (ئەستیاگ) بێت، کە دوا پاشای ئیمپراتۆریەتی ماد بووە (محمد جميل رۆژبەیانی، بندنجین مندلي في التاریخ قدیماً و حدیثاً. گۆڤاری كۆڕی زانیاری كورد، بەشى 7، لاپەڕە 429). مەزارگەی (دوکان داود) کە پیرۆزە لای یارسانييەکان، گۆڕی دوو پادشای ماد لەخۆدەگرێت، ئەوانیش (كەیخەسرەو) و (ئەستیاگ)ه. پیرۆزی ئەم دوو مەزارگەیە بۆ یارسانیيەکان گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی ئایینی یارسان ئایینی فەرمی ئیمپراتۆریەتی ماد بووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ دێرینی ئایینی یارسان کە لە سەردەمی مادەکاندا هەبووە. ئەمە کاکەییە بەموسڵمانبووەكان بەدرۆدەخاتەوە گوایە کاکەیی بەشێكە لە ئایینی ئیسلام.
-
بەرزنجە گوندێکە 55 كیلۆمەتر دووره له شاری سلێمانییەوە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەم شارە. هەر کەسێک لەم گوندەدا بژێت، مانای ئەوە نییە کە سەییدە و بەڕەچەڵەک دەگەڕێتەوە بۆ ئیمامە شیعەکان. بەرزنجە گوندێکی کوردییە کە هیچ پەیوەندییەکی بە عەرەب و موسڵمانەوە نییە.
-
نوێكەرەوەی ئایینی یارسان هەیە کە پێش (سان سەهاک) دەركەوتوون، وەک (بالولی ماهی)، واتا (بالوولی میدی) کە لە سەدەی هەشتەمی زایینیدا ژیاوە و خەڵکی لوڕستانە. (شاخۆشین)، لەدایکبووی (هۆرین شێخان)ه و پاشان رووی لە (هۆرەمان) کردووە، و لە سەدەی یازدەهەمی زایینیدا ژیاوە، واتە پێش (سان سەهاک) بە (300) ساڵ ژیاوە، چوونكە (سان سەهاک) لە سەدەی چواردەهەمینى زایینی ژیاوە. هاوچەرخی (شاخۆشین)ی شاعیری یارسانی بەناوبانگ (بابە تاهير هەمەدانی)ه. (شاخۆشین) تەنبوری دەژەند و خستيە ناو ئەنجومەنە ئایینییەکانی یارسانەوە. لەم قسانەی پێشەوە بۆمان دهردهكهوێت كه (سان سههاك) ئهو كهسه نییه كه ئایینی یارسانی دروستكردووه، بهڵكو ئهم ئاینه پێش ئهو بوونی ههبووه و ئهویش نوێى كردۆتەوە.
-
بنەچەی بنەماڵەی (سان سەهاک) خەڵکی هەمەدانن، کە باوکی لە هەمەدانەوە بۆ (شارەزور) لە باشووری کوردستان لە ناوەڕاستی هێرشەکانی مەغۆلەکان کە بووە هۆی ڕووخاندنی دەوڵەتی عەباسی، لە ساڵی 1258 ز، کۆچی کردووە. کەواتە چۆن دەتوانرێت بڵێین (سان سەهاک) بەڕەچەڵەک عەرەبه و نەوەی ئیمام (موسا کازم)ه، لە کاتێکدا بنەماڵەکەی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، و لە شارەزوور، لە باشووری کوردستان لەدایک بووە؟
-
ئەگەر ئایینی یارسان ئایینزایەكی ئیسلامی بووایە، تەنانەت ئەگەر لە ئایینی ئیسلامیش لایبدایە، بەشێک لە بۆنەكانی ئیسلام لای یارسانییەکان دەمایەوە. لە ئایینی یارساندا هیچ شوێنەواری پێنج پایە ئیسلامییەکان نییە وەک لەمەی خوارەوە دەردەکەوێت:
ا. یەکەم پایەی ئیسلامی، شەهادەیە. یارسانییەکان دوای لە دایکبوونیان بە سازدانی مەراسیمێکی تایبەتی ئایینی بۆ ئەم بۆنەیە بە فەرمی ئاینی یارسانی لە باوەشدەگرن، کە تیایدا بە کوردی ئەم وتەیەی خوارەوە دووبارە دەکەنەوە (سەرەتا یەزدان “خوا” و کۆتایی یەزدان، ئێمە باوەڕمان بە ئایینی یەزدانە)، لە کاتێکدا شایەتحاڵی ئیسلامی ئەوەیە: (أشهد أن لا إله إلا الله وأشهد أن محمداً رسول الله). شیعەکان زیادی دەکەن و دەڵێنیش (و شایەتحاڵی ئەوە دەدەم کە عەلی پارێزەری خودایە “وأشهد أنّ علياً ولي الله”). دەبینین هیچ پەیوەندییەک لە نێوان شایەتحاڵی ئەو دوو ئاینەدا نییە.
ب. دووەم پایەی ئیسلامی، نوێژە. موسڵمانان نوێژ دەکەن، یارسانیيەکان نوێژ ناكەن، بەڵام هەمو ڕۆژێک لەکاتی هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونی، ڕوودەکەنە خۆر و لێی دەپاڕنەوە. ئەم پاڕانەوە ڕێوڕەسمێکی یارسانییە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هۆزەکانی کاکەییەوە ئەنجام دەدرا، هاوشێوەی ڕێوڕەسمی سۆمەری و هۆریییەکانە، کە لایەنگرانی ئەم باوەڕانە خۆریان دەپەرست.
پ. پایەی سێیەمی ئیسلام، بەڕۆژووبوونە لە مانگی ڕەمەزاندا. یارسانییەکان لە چلەی زستاندا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن. دوا نوێکەرەوەی ئایینی یارسان، (سان سەهاک) بۆ ماوەی (3) سێ ڕۆژ بی خواردن و خواردنەوە ماوەوە لە چلەی زستاندا لەناو ئەو ئەشکەوتەی کە پەنای بۆ بردبو لە ئەنجامی هەوڵدانی کوشتنی لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری خۆی بەهۆی بانگەوازەکەی بۆ ئایینی یارسان. جەژنی یارسان دوای کۆتاییهاتنی بەڕۆژووبوونیان لە چلەی زستاندا، درێژکراوەی جەژنی سۆمەری و هۆری و هیتی و کاکەییە، بەو پێیەی لەم کاتەی زستاندا ڕۆژ دەستدەکات بە زیادبوون و درێژیی شەو دەستدەکات بە کەمبوونەوە. هەروەها سۆمەری و هۆری و هیتی و کاکەیی ئەم بۆنەیەیان هەبووە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی سەرەتای کەمبوونەوەی درێژی شەو (تاریکی) و زیادکردنی درێژی ڕۆژ (ڕووناکی). لێرەوە دەبینین تەمەنی ئایینی یارسان هەزاران ساڵە.
ت. پایەی چوارەمی ئیسلام، حەج بۆ مەککەیە. یارسانییەکان حەجناکەن بۆ مەککە، بەڵکو دەچنە مەزارگەی (سان سەهاک) کە دەکەوێتە هۆرەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ئەو ڕێوڕەسمە ئیسلامیانە ئەنجام نادەن کە لە کاتی زیارەتکردنی مەککەدا دەکرێن.
ج. پایەی پێنجەمی ئیسلام، زەکاتە. لە ئایینی یارساندا هیچ زەکاتێک نییە، بەو پێیەی یارسانییەکان لە کۆبوونەوە ئاینییە تایبەتەکاندا نیاز پێشکەشدەکەن، کە زۆربەی لە میوە و شیرینی پێکدێت. ئەم ڕێوڕەسمانە ڕێوڕەسمی یارسانین، کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هۆزە کاکەیەکانەوە ئەنجامدەدرا، و هاوشێوەی ڕێوڕەسمی سۆمەری و هۆریییەکانە.
چ. ئایینی یارسان بڕوای به يهكانهكى بوون (وحدة الوجود) ههيه، ههموو شتێك له ڕوانگهى ئایینی یارسانهوه تیشكدانەوەی تيشكى خاوەندكاره (خوداوهند) وخاوەندكار له ههموو شتێكدايه، بەڵام لە ئایینی ئیسلام ئەمە کوفرە.
ح. لە ئایینی یارسان، نە دۆزەخ و نە پەهەشت هەیە. ئەم دونیایەی ئێستامانا بەهەشتی بەشێکی خەڵکە و دۆزەخی ئەو بەشەکەی ترە.
خ. لە ئایینی یارسان شەیتان بوونی نییە. مرۆڤی خراپ و گوناهکار شەیتانە.
د. یارسان ئایینێکی “تەبشیری” نییە و لە ئایینی یارساندا “جیهاد” نییە.
ر. قورئان کتێبی پیرۆزە لە ئایینی ئیسلام و بە زمانی عەرەبی نووسراوە، لە کاتێکدا (سەرەنجام) کتێبی پیرۆزی ئایینی یارسانە و بە زمانی کوردی نووسراوە.
ڕ. یارسانییەکان باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕەوان (ڕۆح) هەیە و لێرەدا لەگەڵ هیندۆس و بوداییەکان یەکدەگرنەوە کە ئەوانیش باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕەوان هەیە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ بنەچەی هاوبەشی ئەم سێ ئایینە، لەکاتێکدا لە ئایینی ئیسلامیدا پاش مردن لێکۆڵینەوە هەیە و بەهەشت و دۆزەخ هەیە.
ز. له ئایینی یارسان، خۆر و ئاگر پیرۆزن و تەنانەت یارسانییەکان سوێند به خۆر و ئاگر دەخۆن بەڵام ئەمه له ئایینی ئیسلام حەرامە.
ژ. لە ئایینی ئیسلامیدا پەیامبەرێکی عەرەب هەیە کە لە لایەن خوداوە نێردراوە، لە کاتێکدا پەیامبەر لە ئایینی یارساندا نییە، وەک چۆن یەزدان هزر و هۆشی بە مرۆڤ بەخشیوە کە ژیان و کردارەکانی خۆی هەڵبژێرێت و لە ڕێگەی چوونی زاتی خوداوە بەناو مرۆڤی ئایینی یارسان، مرۆڤایەتیی بەڕێوەدەبات.
س. له ئایینی ئیسلامیدا كۆمهڵگە بهسهر چین و توێژه ئاینییهكاندا دابهش نهكراوه، له كاتێكدا كۆمهڵگەی یارسانی بهسهر چوار چینی ئایینیدا دابهشكراوه كه بریتین له: پیر، مام، باوه، ئۆمی.
ش. “الله”ی موسڵمانان پاداشت دەداتەوە و سزای مرۆڤ دەدات، لە کاتێکدا خودا و مرۆڤەکان لە دينى یارسان یەکتريان خۆشدەوێ. موسڵمانان لە ترس و سزای خودا، خودا دەپەرستن، لە کاتێکدا یارسانييەکان لە خۆشەویستیدا خاوەنکار (خودا) دەپەرستن، نەک لە ترسیدا.
ف. خودای موسڵمانان سەرچاوەی چاکە و خراپەیە، لە کاتێکدا خودای یارسان تەنیا چاکەیە و هزرى داوەتە مرۆڤ بۆ ئەوەی چاکە و خراپە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
ڤ. لە ئایینی یارسان، (جەمخانە) شوێنی جەمبوون و کۆڕ و کۆبوونەوە و بەرێوەبردنی مەراسیمی ئایینییە. بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، ژن و پیاو دەڕۆنە ناو جەمخانه و لەوێ ڕاز و نیازەکانی خۆیان باسدەکەن بۆ یەزدان (خودا). لەکاتێکدا جێگای دوعاخوێندن و نوێژکردنی موسڵمانەکان مزگەوته و تەنیا پیاوان بۆیان هەیه لەو نوێژکردنه بەشداربن، ژنان بۆیان نییه لەوێ بن.
ق. ئامێری مۆسیقا له ئایینی یارسان پیرۆزە. پێش بەکارهێنانی، مۆسیقاژەنەکە ئامێرەکە دەناتە سەر تێوڵی و ماچیدەکات و رێزێکی تایبەتی هەیە، تەنانەت لە کاتی به خاكسپاردنی مردوودا به مۆسیقای تەمبوور و دەف ئەو مردووه بەڕێدەکەن. مۆسیقا له ئایینی ئیسلامدا حەرامە.
ک. موسڵمانان بەزۆری ريش دەهێڵنەوە، بەڵام سمێڵ ناهێڵنەوە، لە کاتێکدا یارسانیيەکان بە پێچەوانەی موسڵمانان سمێڵ دەهێڵنەوە، بەڵام ريش ناهێڵنەوە.
گ. لە ئایینی یارساندا سەرسپاردن “تەعمید” هەیە کە دەکرێت بۆ ئەوە مرۆڤی یارسانی بە شێوەیەکی یاسایی و بە فەرمی ببێتە یارسانی، لەکاتێکدا لە ئیسلامدا (سەرسپاردن) نییە.
ل. گۆرانی و هەڵپەرکێ و سەماکردن له ئایینی یارسان سەرچاوەی شادی و ورە بەرزییە بۆ مرۆڤ. مۆسیقایش بەشێکه له کولتووری کۆنی ئایینی یارسان، بەڵام له ئایینی ئیسلام، گۆرانی و هەڵپەرکێ و سەماکردن حەرامن.
ڵ. هەموو یارسانییەک خوشک یان برایەکی ئایینی هەیە، لە کاتێکدا ئیسلام ئەم جۆرە خوشکایەتیی و برایەتییەی تێدا نییە.
م. له ئایینی یارسان حیجاب نییە و نەبووه، بۆیە ژنی یارسانی حیجاب بەکارناهێنێت، بەڵام له ئایینی ئیسلام کچ و ژن له تەمەنی سەرووی سێ یان چوار ساڵیان، دەبێت حیجابیان هەبێت.
ن. ژن و پیاوی یارسانی تەوقەدەکەن لەگەڵ یەکتر له کاتی بەیەکگەیشتن یان سەردانکردن بەواتای دۆستیی وەکوو مەرجی برایەتی و خوشکایەتی، بەڵام له ئایینی ئیسلام تەوقەکردن حەرامه و ژنان و پیاوان ناتوانن تەوقە لەگەڵ یەکتر بکەن.
ﻫ. له ئایینی یارسان، ژن و پیاو یەکسانن و مافیان وەکوو یەکە لە هەموو شتێک، بەڵام له ئایینی ئیسلام دوو ژن بەرامبەر به پیاوێك حسابی بۆ دەکرێت.
و. له ئایینی یارسان پیاو بۆی نییه لە یەک ژن زیاتری هەبێت، بەڵام له ئایینی ئیسلام پیاو بۆی هەیه تا چوار ژن بهێنێت.
ۆ. کوردستان زێدی ئایینی یارسانە و هەموو نوێکەرانی ئەم ئایینە کوردن، لە کاتێکدا ئایینی ئیسلام لە نیمچە دوورگەی عەرەبی دەرکەوتوە و عەرەب بڵاوی ئەم دینەی کردۆتەوە.
ی. نوێکەرەوەی ئایینی یارسان، (شا خۆشین) لە ڕۆژی نەورۆز لەدایکبووە و بەمجۆرە نەورۆز بۆ یارسانییەکان جەژنێکی ئایینییە، جگە لەوەی جەژنێکی نەتەوەیی کوردە و جەژنێکی نیشتمانی کوردستانییە و سەری ساڵی کوردییە.
بەم شێوەیە دەبینین ئایینی یارسان بەستراوەتەوە بە گەلی کورد و زمان و شرۆ و ئەدەب وکولتوور و میرات و مێژوو و بیروباوەڕی کوردەوە. بەڕاستی ئایینی یارسان ڕەوانی زمان و کولتوور و بیروباوەڕ و ئەفسانەی کوردە، و میرات و مێژووی گەلی کوردە، و نوێنەرایەتی شوناس و کەسایەتی ڕەسەنی گەلی کورد دەکات. ئایینی یارسانی تاکە ئایینی کوردییە کە دەقە ئاینییەکانی بە زمانی کوردی نووسراون، و یارسانییەکان وەک (بالولی دانا)، (شاخۆشین)، (بابا تاهر هەمەدانی)، و شاعیران (دایە تەورێزی هەورامی)، (جەلالە خانمی لوڕستانی)، (ڕەيحان خانمی لوڕستانی)، (فاتمە لوڕەی گۆران)، نوێکەرەوەی دینی یارسان (سان سەهاک) و دەیان شاعیری تری یارسانی بە ژن و پیاوەوە، پێشەنگەکانی یەکەمی ئەدەب و شیعری کوردین.
ئەم لەیەکنەچوونی ئایینی ئیسلام و یارسانە، نەبوونی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەو دوو ئایینەدا پشتڕاست دەکاتەوە.
بنەماکانی ئاینی یارسان:
-
(پاکی): ڕاستگۆیی کردار و ڕەفتار و گوفتار.
-
(ڕاستی): رێگەی ڕاستگرتن، بەجێهێنانی فەرمانەکانی خودا، دور له درۆکردن.
-
(نیستی): لەناوبردنی هەوا و هەوەس و خۆ بەگەوره زانین و هەوا و هەوەسی دەروونی.
-
(ڕدا): هاوکاریکردن و هاویاریکردن و هاودەردیکردن بەبێ کێشە و بێ چاوڕانکردنی دانەوەی باجی یارمەتیی ئەنجامدراو.
-
زیان نەدان بە ئاگر و با و ئاو و خاک و سروشت و مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و درەخت و ڕێگاوبان.
گۆڤارا دەنگێ شێخان گۆڤارا دەنگێ شێخان