نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات: ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەت بۆ یەکڕیزی

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرکردایەتی و جەماوەری ئەو حیزبە کرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی تەبایی و کاری پێکەوەیی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردەوە.

رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: “لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەم یادەدا پێگەی مێژوویی، خەبات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنن و بە رێزەوە یادی دەکەنەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی ئەو حیزبە کرد و گوتی: “یەکێتی کە مێژوویەکی درێژی خەباتی لەپێناو مافەکانی گەلی کوردستاندا هەیە و لەم رێگەیەدا بە هەزاران شەهیدی داوە، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.”

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دووپاتی کردەوە کە زیاتر لە هەموو کاتێک بەرپرسیارێتیی هاوبەش، تەبایی و کاری پێکەوەیی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پێویستە، “تاوەکو پێکەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستان بکەین.”

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن، ئەوەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، سەقامگیری، گەشەپێدان و داهاتوویەکی باشتر و شایستە بۆ گەلی کوردستان.

دەقی پەیامەکە:

له‌ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. لەم یادەدا پێگەی مێژوویی و خه‌بات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنین و به رێزه‌وه‌ يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌‌.

یەکێتی كه‌ مێژوويه‌كى درێژى خه‌باتى له‌پێناو مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا هه‌يه‌ و له‌م رێگه‌يه‌دا به‌ هه‌زاران شه‌هيدى داوه‌، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا. لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە كه‌ زیاتر لە هه‌موو كاتێك بەرپرسیاريه‌تیی هاوبەش، تەبایی و کاری پێکەوەیی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پێويسته‌، تا پێکەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلى كوردستان بکەین.

هیواخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەپێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، سەقامگیری، گەشەپێدان و داهاتوویەکی باشتر و شایستە بۆ گەلی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ڤان بابەتان ببینە

أربيل تخلّد ضحايا الهجوم الصاروخي الإيراني بنصب تذكاري في مجمع إمباير

شهدت مدينة أربيل مراسم رسمية لإزاحة الستار عن نصب تذكاري لتخليد ضحايا الهجوم الصاروخي الإيراني …