CREATOR: gd-jpeg v1.0 (using IJG JPEG v62), quality = 88
تۆم باراك: سیاسەتی دەستتێوەردان لە عێراق، ئەفغانستان و لیبیا تووشی شكست بوو، ئێستا كاتی ئەوەیە هەرێمەكە خۆی بەرپرسیارێتیی چارەنووسی خۆی بگرێتە ئەستۆ
1 ڕۆژ ago
1 ديتن
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە سێ هەزار ساڵە بەردەوام لە گەڕاندایە بەدوای دۆزینەوەی ئارامی و ناسنامەی خۆیدا. ئەگەر سەرنج بدەین، دەیان پێغەمبەر لەلایەن خوداوە بۆ ئەم دەڤەرە نێردران، لەوانە زیاتر لە پەنجا پێغەمبەری مەسیحی، سەد پێغەمبەری ئیسلامی و پەنجا پێغەمبەری جوولەكە، بەڵام هیچ كامیان نەیانتوانی بە تەواوی كۆتایی بە ململانێ مێژووییەكانی ئەم سەرزەمینە بێنن. كەواتە چاوەڕوانییەكی ناڕاستەقینەیە ئەگەر پێمان وابێت، ئێمە دەتوانین لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا چارەسەری یەكلاكەرەوەی بۆ بدۆزینەوە. سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئاشكرا دژی هەڵگیرساندنی جەنگە بێكۆتاكانە، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەكە ئەوەیە كە چۆن گەیشتینە ئەم دۆخەی كە ئاگری شەڕ لە هەموو لایەكەوە تەشەنە بسێنێت؟ وەڵامەكە بریتییە لە دەرئەنجامە نەخوازراوەكانی هاوكێشەیەكی لە شێوەی موكەعەبی ڕوبیك كە كاتێك گۆڕانكاری لە یەك لایەندا دەكەیت، تەواوی بەشەكانی دیكەی بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو تێكدەچن.
لەسەرەتادا، كاتێك بڕیار لەسەر بەكارهێنانی هێزی سەربازی درا بە مەبەستی ڕێگریكردن، یان خاوكردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەكان، ڕەنگە سەرۆك زانیاریی وردتری لەبەردەستدا بووبێت، بەڵام هەنگاوەكە كۆمەڵێك دەرئەنجامی بەدوای خۆیدا هێنا كە كەس نەیویستبوون. دەبێت لە ئەزموونەكانی ڕابردووەوە فێری وانە بین. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە میانی مێژووی دەستوەردانەكانیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا، لە شام و كەنداوەوە تا قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، دەستی لە بیست و سێ پرۆسەی گۆڕینی ڕژێمەكاندا هەبووە، بەڵام لە واقیعدا هیچ كامیان سەركەوتوو نەبوون. هەر كاتێك هەوڵمان دابێت لە ڕێگەی دەستتێوەردانەوە كەسەكان، یان دەسەڵاتەكان بگۆڕین، باجەكەی شكستی گەورە بووە.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەمریكا گەرەنتییەكی ئەمنیی پێشكەش بە ناوچەكە كردبوو كە پاش ساڵی ١٩٧٤ و دانوستانەكانی هێنری كیسینجەر لەگەڵ شای سعوودیە، بە شێوەی ڕێككەوتنی پەترۆدۆلار چەسپێندرا. لەو چوارچێوەیەدا، نەوت بە دۆلار دەفرۆشرا، چەك بە دۆلار دەكڕدرا، بنكەی سەربازیی ئەمریكی بۆ دڵنیادان لە سەلامەتیی دەریاكان دادەمەزران، بەڵام ئەو هاوكێشەیە ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. سیاسەتی نوێی واشنتۆن بریتییە لەوەی كە چیتر نایەوێت خاوەندارێتی، یان كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكات. مێژوو دەریخست كە كۆنتڕۆڵكردن لە عێراق، ئەفغانستان، لیبیا و سووریادا هیچ سوودێكی نەبوو، بۆ نموونە داگیركردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە بووەتە كارەساتێكی گەورەی پڕ لە سیاسەتی شكستخواردوو. هەر بۆیە ئەركی ئێستامان چاودێریكردن و هاوكاریكردنە، نەك جێهێشتنی تەواوەتی، چونكە هاووڵاتییانی ئەمریكیش نایانەوێت تەنانەت یەك گیانی ئەمریكی لە شەڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدەست بچێت.
ئێستا لە ناوچەكەدا هاوپەیمانێتیی نوێ لە نێوان وڵاتاندا وەك سعوودیە، توركیا و پاكستان بەدی دەكرێت كە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆیان بگرنە ئەستۆ. سەبارەت بە پرسی یەمەن، سعوودیە لە پێگەیەكی زۆر سەختدایە. بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە بەرانبەر حوسییەكان لە یەمەن، حزبوڵڵا لە لوبنان، یان میلیشیا چەكدارەكانی ناو عێراق هەرگیز سەركەوتوو نەبووە و لەمەودواش سەركەوتوو نابێت. تاكە چارەسەر ئەوەیە كە دەوڵەتە نیشتمانییەكان خۆیان بەرپرسیارێتییەكان هەڵبگرن و كار بۆ خۆشگوزەرانی بكەن، تاوەكو هیچ پاساو و ڕۆڵێك بۆ مانەوەی ئەو میلیشیایانە نەمێنێتەوە. سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانیی لۆجستی بۆ سعوودیە دابین دەكات، بەڵام ناردنی هێزی زەمینی بۆ شەڕێكی بێسوود بە تەواوی ڕەت دەكاتەوە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، ڕووداوەكانی هەشتی كانوونی یەكەم و دەستبەكاربوونی ئەحمەد ئەلشەرع نیشانی دا، كە دەكرێت تەنانەت گرووپە توندڕەوەكانی پێشووش ڕێگەی گۆڕانكاری بگرنەبەر، ئەگەر ئاسۆی بووژانەوە و بەشداریی سیاسییان پێبدرێت. ئیسرائیل مافی خۆیەتی چاودێریی ئاسایشی سنوورەكانی بكات، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە دەرك پێبكرێت كە دە ملیۆن جوولەكە لە تەنیشت یەك ملیار موسڵمان و مەسیحیدا دەژین و پێویستە چارەسەرێكی درێژخایەن بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە. گرژییە زارەكییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیلیش زیاتر ململانێی سیاسین، چونكە هیچ كامیان خوازیاری جەنگێكی ڕاستەقینە نین، لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسیی ڕاستەقینە لە ڕووداوە نەخوازراوەكان و ناڕوونی پەیوەندییە سەربازییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت كە پێویستە لە ڕێگەی هێوركردنەوەی دۆخەكەوە پێشیان پێبگیرێت.
كێشەی سەرەكیی نێوان واشنتۆن و تاران بریتییە لە نەبوونی متمانە لەنێوان سوپای پاسداران و ئەمریكادا. وڵاتانی وەك قەتەر و عومان ماندووبوونێكی زۆریان لە ناوبژیوانیدا كێشاوە، بەڵام چارەسەر لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆدایە. گەلی ئێران كە زۆربەیان گەنجن، شایستەی ژیانێكی پڕ لە ئارامی و پێشكەوتنن و پێویستە بوار بۆ گەشەسەندنی ئابوورییان بڕەخسێنرێت. هەر هەوڵێك بۆ ڕووخاندنی توندوتیژانەی دەسەڵات لە ئێران تەنیا دەبێتە هۆی كۆچڕەوی بەكۆمەڵ بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ناسەقامگیری زیاتر، كە زیانی بۆ هەموو لایەك دەبێت.
لە كۆتاییدا، گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر پێویستی بە سازشی هەموو لایەنەكان هەیە لە پێناو ئامانجێكی باڵاتردا. كاتی ئەوە هاتووە كە بە شێوازی نەریتی دیوەخان كۆببینەوە، قاوە بنۆشین، چەك و كینەكان بخەینە لاوە و دانوستان بكەین. دەبێت ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، ڕێڕەوە دەریایی و بازرگانییەكان بكرێنەوە و ئابووری ناوچەكە ببووژێنرێتەوە. جەنگ و توندوتیژی لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا نەبووەتە مایەی سەقامگیری بۆ كەس، تەنانەت بۆ ئەمریكاش. بەردەوامیی جەنگ دوایین بژاردەی سەرۆكی ئەمریكایە، كەواتە تاقە ڕێگەی بەردەممان بریتییە لە بەهێزكردنی دیالۆگ، ڕێزگرتنی بەرانبەر و دووركەوتنەوە لە پەنابردنی سەربازی، تاكو بتوانین پێكەوە ئاشتی و داهاتوویەكی شایستە بۆ نەوەكانی داهاتوو لەم ناوچە هەستیارەدا مسۆگەر بكەین.
ڤان بابەتان ببینە
اجتمع رئيس حكومة إقليم كوردستان مسرور بارزاني، امس الاثنين 26 تشرين الأول 2026، في مدينة …